کوردی
بە داوی زوڵف و دانەی خاڵی سەر ڕووت
گرفتارە دڵی سەد عاشقی ڕووت
نیگاھی چاوی مەستی نیمەخابت
ھەزاری وەک منی خستۆتە تابووت
سەبا گەر لابدا زوڵفت لە کوڵمەت
دەڵێم یا ماھە یا خورشیدە ئەنگووت
شکاندت لەشکری عەقڵ و شەکیبم
بە تابووری موژە و شمشێری ئەبرووت
لە چاھی ژێری لێوت وا ئەسیرن
ھەزارانی وەکوو ھاڕووت و ماڕووت
مەھە یا ڕۆژە یا ڕووی تۆیە دەرکەوت
شەوە یا زوڵفە یا خۆ موویی دڵجووت
ئەمە یا نوقڵە یا خۆ خونچەیی کام
ئەوە دەندانە یا دوڕ یا نە یاقووت
فیدای دەست و کەمانت بێت [کوردی]
دەپێکێ سێ و دوو ھەم تاق و ھەم جووت