ئەحمەد_موختار_جاف


سەیفە یا قەوسە وە یا باڵی ھومایە پێم بڵێ

یا ھیلالی یەکشەوە یا تاقی ئەبرۆی دولبەرە


ڕوومەتت بەدرە ملت مینایی سافە بێ غەشە

دەم قوتووی دانەی دوڕی دەریایە لێوت شەککەرە


چای زەنەخدانت بڵێم وەک زەمزەمە زەممی ئەکەم

ئەبرووت زیاتر لە تیغی دەستی تووسی نەوزەرە


وا بە عومری جوانەوە پیر بووم قەدم خەم بوو لە غەم

دڵبەرا دووربینی چاوم ئێستە ئەمسەر ئەوسەرە


نائومێد و بەشبڕاو [ئەحمەد] لە دنیادا ئەتۆی

نەخلی ئوممێدی مورادی تۆیە دایم بێ بەرە



تاریخ : چهارشنبه 12 آبان 1395 | 00:39 | نویسنده : ghobadi | نظرات (0)
.: Weblog Themes By VatanSkin :.