پاییزە
گوڵەکەم! ماڵی دڵم
هێشتە نەڕووخاوە دەڕۆی
بۆچی بارگەی سەفەرت
تێکەوە پێچاوە دەڕۆێ؟
بۆچی پێت وایە مەکۆی
دێوەزمە و مۆتەکەیە؟
دڵی من زێدی فریشتانە
لە خۆڕاوە دەڕۆی
ڕۆحی سەوزی غەزەلی،
تۆ لە دڵم هەڵدەقوڵێی
وەک هەناسەم لە گەڵم
دای و بە شاراوە دەڕۆی
چاوەڕێی زەردەخەنە و
تامەزرۆی "ئا"یەکتم
کەچی تۆ بێ بەزەیی دێی
و بە "نا،نا"وە دەڕۆی
دڵ، لە سایەی خەم و
فرمێسکەوە ئەشقی ناسی
تۆ دەڵێی بۆ خەمی من
هێشتە نەگریاوە؛ دەڕۆی
فرچکم گرتە بە فرمێسکی
چەمی مەمکی ئەوین
چونکە خەمبارە دڵم، سڵ
دەکەی و واوە دەڕۆی؟
گوڵەکەم! باخی دڵم پڕ
لە گوڵی شیعری تەڕە
سەیرە پێت وایە دڵم
پاییزە لێی داوە، دەڕۆی
ئەمین گەردیگلانی