هێمن
چاوەکەم چاوی ڕەشی تۆ ئافەتی گیانی منە
گیانەکەم برژانگی تیژت نووکەڕمبی دوژمنە
شیری دەستی شێری ئاڵایە برۆڕاکشاوەکەت
جەرگی لاوێکی ھەژاری کوردی ورد پێ بنجنە
دیدەکەی بەخوماری تۆ تورکانە بەدمەستی دەکا
بۆیە مەیلی وا بە کێشە و فیتنە و خوێنڕشتنە
بەژنەکەت سێدارەیە کەزیەت تەنافە زووبە دەی
بیخە ئەستۆی من کە کوردم کورد بەشی خنکاندنە
زامی جەرگی من بەفەرموودەی گراوی سواری کورد
مەڵھەمی ھەر ژەنگی گوارە و ئارەقی بەرگەردنە
ئارەزوومە ھیچ نەبێ جارێکی ماچ کەم زاری تۆ
ئارەزووی من چووکە ئەمما تا بفەرمووی شیرنە
دڵ بە گرمەی تۆپی گەورەی دوژمنیش ڕاناچڵەکێ
دادەخورپێ ئەم دڵە ئەمما بە خرمەی بازنە